ئەوڕۆ ۳ی رێبەندان هاوکاتە دەگەڵ ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی مامۆستا محەممەدی ماملێ لووتکەی ڕەسەنایەتی.
دەنگی بۆکان – محەممەدی ماملێ، کوڕی سەعیدی ماملێ لە ساڵی ۱۹۲۵ لە گەڕەکی «خڕێ»ی مەهاباد چاوی بە ژیان هەڵێنا. یەکەم گۆرانی خۆی بە ناوی «ڕۆیی بە جێهێشتم» لە ساڵی ۱۹۳۸ تۆمار دەکا.
ڕوون و ئاشکرایە کە زۆربەی سترانەکانی ئەم پایەبەرزە شیعری مامۆستا وەفایی، مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن و هاشمی نانەوازادەیه و لە شیعری فۆلکلۆر و شاعیرانی دیکەش کەڵکی وەرگرتووە و بە چریکەیکی هەستبزوێن خوێندوونی و بۆمانی بە یادگار جێهێشتوون.
لە کتێبی «بازی بێریان» لە نووسینی موحەممەد حەسەن ئەحمەد، کە ژیان و گۆرانییەکانی مامۆستا ماملێ لەخۆ دەگرێ ئاماژە کراوە کە ماملێ پتر لە ۷۰۰ گۆرانی لێی بەجێ ماوە.
لە دوایین ساڵەکانی ژیانیدا تووشی نەخۆشی فەرامۆشی (ئالزایمێر) دەبێ و ئاکام لە ڕۆژی ۳ی ڕێبەندانی ساڵی ١٣٧٧ی هەتاوی و ۱۹۹۹ زایینی بۆ هەتاهەتایه دڵە پڕ هەست و ئەویندارەکەی بۆ هەمیشە لە لێدان دەوەستێت و پێڵووی چاوانی بۆ هەمیشە بە ڕووی ئەویندارانی زایڵەی دەنگیدا لێک دەنێ و لە دوا مەنزڵگای لە گۆڕستانی بوداق سوڵتانی مەهاباد ئارام دەگرێ.
ڕۆحی بەرزی شاد و یاد و ناوی هەرمان
Monday, 29 April , 2024