ئەمڕۆ ۶ی حوزەیرانی ۲۰۲۲، نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد، مامۆستا عەزیز گەردی لە تەمەنی ۷۵ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

عەزیز گەردی، لە ساڵی ۱۹۴۷ لە بەحرکە لەدایکبووە، زیاد لە ۳۶ کتێب و بەرهەمی ئەدەبی گرنگی جیهانی وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، هەروەها ماوەیەک لە کۆلێژی زمانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر مامۆستا بووە و لەرێگەی بەرهەمەکانییەوە خزمەتێکی گەورەی زمانی کوردی کردووە.

جیا لە وەرگێڕان، مامۆستا عەزیز گەردی چەند بەرهەمێکی تایبەت بەخۆی هەیە، لەوانە (رەوانبێژی لە ئەدەبی کوردیدا، ئەدەب و رەخنە، ئەدەبی بێگانان، پیاوێک، سەروا، رابەری کێشی شیعری کلاسیکی، لێکۆڵینەوەی ئەدەبی، کێشناسیی کوردی، سێ دەرمان: ھەقایەتی کوردەواری، چیرۆکی بەر ئاگردان، لۆرکا: سێ تراژیدی، (چرا)یەک لەسەر مادیان کۆ، بیرەوەرییەکانی مامۆستایەک، ئەفسانەی ئەرمەنی، ئەفریقی، سلاڤی و کوردی).

شاکاری داغستانی من لە نووسینی رەسوڵ حەمزە تۆڤ وەرگێڕاوە کە ئەوەندە وەستایی تێدا کردووە هەر دەڵێی بە کوردی پاراو نوسراوە و ئەوەی خوێندویەتییەوە بۆ هەمیشە مێشکی داگیرکردووە.

ناوبراو زمانەکانی فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕەنسی و ئیسپانی بە باشی دەزانی.