هونەرمەندی گۆرانیبێژی ناسراوی کورد، لە وتووێژێکی تایبەتدا باس لە ژیانی خۆی و دۆخی ئێستای مۆسیقا لە کوردستان دەکات و رەخنە لە میدیا کوردییەکان دەگرێت.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵنێری سەدای بۆکان؛ ساڵەکانی ۸۰ی کۆچی هەتاوی هونەرمەندێکی لاو بەڵام پوختە، لە بۆکانەوە هاتە مەیدان و چەندین بەرهەمی پێشکەش بە مۆسیقای کوردی کرد. «کۆڕە بۆکانی» زۆر «مێهرەبان»ـانە دڵەکانی لاواندەوە و هاواری «ئەگەر ئەمجار بێمەوە»ـی بە خێرایی سنوورەکانی تێپەڕ کرد.

کەندوکۆسپەکانی ژیان و ئاڵوگۆڕ و ئاڵۆز بوونی مۆسیقای کوردیش دەرەقەتی چریکەی دەنگی هونەرمەند «حەسەن زیافەتی» نەهات و ئێستاش وەک جاران «ناڵەشکێنە» گوێی له دەنگی ئەم ڕۆلە وەفادارەیەتی. «زیافەتی» ساڵی ۱۳۵۲ی کۆچی هەتاوی لە ئاوایی زەنبیل لە دایک بووە . بە کاری ئازادوە سەرقاڵە. خاوەنی ۲ عەولادی کوڕ بە ناوەکانی «مێهران» و «شایان»ـە و له شاری بۆکان نیشتەجێیە.

وتووێژێکی تایبەتمان لەگەڵ ئەم هونەرمەندە ناسراوە پێکهێنا و جوابی هەندێک باس و پرسیاری نەبیستراومان لێ وەرگرت. کۆکراوەی ئەم وتووێژە لە درێژەدا دەخوێننەوە:

چۆن بوو که «حەسەن زیافەتی» بوو به گۆرانیبێژ؟

لە ساڵی دووهەم و سێهەمی سەرەتاییەوە ، مامۆستاکانم لە مەدرەسە پێیاندەکوتم کە دەنگم خۆشە. پاش ئەوەی که لە تەمەنی ۹ساڵیدا ماڵمان لە زەنبیلەوە هات بۆ شاری بۆکان و لە مەدرەسەی شەهید قزڵجی دەمخوێند، «مامۆستا ئاسۆ» که موعەللیمم بوو، بۆ یەکەم جار شێعری پێدام کە بیکەم بە سروود و گۆرانی بڵێم؛ ئەوە بوو بە دەستپێکی کاری هونەری من.

شوێنی لە دایکبوونتان [زەنبیل] یەکێک لە کانگاکانی مۆسیقا و ئاوازی عیرفانی بووە، ئایا ئەمە کاریگەری لەسەرتان بووە؟

بە دڵنیاییەوە گەورە بوون لە زەنبیل کاریگەریی لەسەرم بووە، چون لەوێ بەردەوام گوێم لە مۆسیقا و ئاوازی عیرفانی و نەوای دەف دەبوو؛ بەڵام من کاری هونەریم لەسەر شێوازی عیرفانی دەست پێنەکرد. من به سروود کاری هونەریم دەست پێکرد.

یەکەم سروود یان گۆرانی کە خوێندتان لەبیرتانە چی بوو؟

بەڵێ. شێعرێک بوو بەم جۆرە «وەتەن دێوانەکەی خۆتم، وەتەن دێوانەکەی خۆتم، لە عیشقی میهەنی خۆمدا فیداکاری نەکەم شێتم» که ئەو سەردەمەی قوتابی بووم، «مامۆستا ئاسۆ» پێیدام کە بیکەم بە سروود.

بە شێوازی حیرفەیی چ کاتێک و چۆن کاری مۆسیقاتان دەستپێکرد؟

ساڵی ۱۳۸۳ی کۆچی هەتاوی، بۆ یەکەم جار چەند گۆرانیم کۆ کردەوە و کردم بە ئالبۆمێک به ناوی «ئەگەر ئەمجارە بێمەوە». ئەم ئالبۆمە که هونەرمەند «عارف کەریمی» مۆسیقاکەی دانا، پێکهاتبوو لە چەند ئاوازی فولکلۆر و چەند ئاوازی خۆم بە شێعری مامۆستا «عەبدوڵڵا پەشێو» و مامۆستا «شوانه». هەرچەند بە هۆی ئەوەی کە لە نەزەر ئابووریەوە دۆخێکی یەکجار خراپم بوو و چون یەکەم کاریشم بوو، زۆر دوو دڵ بووم و دەترسام کە خەڵک وەری نەگرن، بەڵام پێشوازییەکی زۆر گەرمی لە لایەن خەڵکی کوردەوە لێ کرا.

زیاتر لە ژێر کاریگەری کام گۆرانیبێژ و مامۆستادا قەرارتان گرتووە؟

من هەر لە منداڵیەوە پێمخۆش نەبوو کاریگەریی گۆرانیبێژێکی تایبەت لەسەرم بێ؛ هەرچەند پێش بڵاوبوونەوەی یەکەم ئەلبۆمم مامۆستا «حەسەن دەرزی» بە ژەنیاری هاوکاری دەکردم و دەنگیم زۆر پێخۆش بوو؛ چەند بەرهەمێکی بڵاوکردبۆوە کە بۆ درێژەدان بە کاری هونەری کاریگەری یەکجار زۆری لەسەرم هەبوو. پاش «مامۆستا ئاسۆ» ، مامۆستا «حەسەن دەرزی» گەورەترین هاندەرم بوو.

یەکەم کۆنسێرتتان کەی و لە کوێ بەرێوە چوو؟

من هەر لە منداڵییەوە بە بۆنەی ئەوەی کە سروودم دەکوت، سەر سەحنە و ستەیج چبووم؛ بەڵام یەکەم کۆنسێرتی تایبەت بە خۆم لە ساڵەکانی ۸۴و ۸۵ی کۆچی هەتاوی بە هاوکاری گرووپی «ئەرغەوان» له شاری بۆکان بەڕێوە چوو. هونەرمەندان «جەمشید کازمی»، «بەهمەن کازمی»، «ڕەشید حەیدەری»، «ئاسۆ عەبدوڵڵابەگی» و چەند کەسی دیکە به ساز هاوکارم بوون. لەبیرم دێ بۆ یەکەم گۆرانیم هەتا تەواو بووم عارقم کرد و دەستم دەلەرزی، بەڵام پاشان توانیم ئیجرایەکی باشم هەبێت.

باسی دووهەم ئەلبۆمتان بکەن

پێنج یان شەش ساڵ لە بڵاوبوونەوەی ئەلبۆمی یەکەمم تێپەڕ ببوو کە ئەلبۆمی دووهەمم بە ناوی «دەفتەری سوور» بڵاوکردەوە. زۆربەی شێعرەکانی هی مامۆستا «عەبدوڵڵا پەشێو» بوو. مۆسیقای چوار تراکیان کاری کاک «عارف کەریمی» بوو و چوار تراکیش کاک «لاوک لەتیف» لە مەهاباد ساز و تەنزیمی کرد.

بۆچی مەودای کاتی نێوان ئەلبۆمی یەکەم و دووهەمتان زۆر بوو؟

بە بڕوای من هونەرمەندی گۆرانیبێژ شایەد توانای ئەوەی هەبێ کە هەر یەک دوو مانگ جارێک بەرهەمێکی نوێ بڵاوبکاتەوە ، بەڵام ئەگەر بیهەوێ بەرهەمێکی هەرمان سازبکات کە لە ناو دڵی خەڵکدا بمێنێتەوە، دەبێ ماوەیەکی زیاتری پێ بچێ و کارهایەک هەڵبژێری کە لە دەرد و غەمی کۆمەڵگاوه سەرچاوەی گرتبێت. منیش بۆم گرنگ بوو کە لە ئەلبۆمی دووهەمدا چی بڵێم. ئەلبۆمی یەکەمم خەڵک بە دڵیان بوو و دەمهەویست «دەفتەری سوور»ـیش هەر وابێت.

لە پاش «دەفتەری سوور»وه تەنیا بە بەرهەم هێنانی تەک تراک چالاکیتان بووە و ئەلبۆمی نوێتان نەبووە، هۆکار چییە؟

ساڵانی پێشوو خەڵک تا ڕادەیەک بە کڕینی سی دی پاڵپشتییان لە ئەلبۆمی هونەرمەندان دەکرد؛ بەڵام ئێستا هەتا گۆرانی چۆتە ڔەم و فلاشەوە ، کڕینی ئۆرجیناڵی ئەلبۆمەکان و ئەو هەندە پاڵپشتیەش تەواوبووە. لەو بارودۆخەشدا تەک تراک باشترە و خەرج کەمتر هەڵدەگرێت.

کام بەرهەمتان لە لایەن خەڵکەوە پێشوازی گەرمتری لێکرا و هۆکاری چی بوو؟

ئەلبۆمی «ئەگەر ئەمجارە بێمەوە». لام وایە کە هەڵبژاردنی تایبەتی شێعری گۆرانییەکان بوو به هۆی پێشوازی گەرم و کەم وێنەی خەڵک.

بۆچی لە کۆنەوە تا ئێستا کاتێک دەنگی «حەسەن زیافەتی» و شێعری «عەبدوڵڵا پەشێو» تێکەڵ دەبێت و یەک دەگرن، شاکار دەخوڵقێ؟

چون شێعرەکانی مامۆستا «پەشێو» بۆ خەڵک کوتراوە و دەرد و ناخۆشیەکانی کۆمەڵگای بەیان کردووە. منیش کە لە ژیاندا زۆرم دەرد و هەژاری چێشتووە، کاتێک ئەو شێعرانە دەخوێنم وا هەست دەکەم کە هۆنراوەی خۆمن و وشە بە وشەیان لە دڵی خۆمەوە هەڵقوڵاوە. ئەو دەردانەی لە شێعرەکاندا ئاماژەی پێ کراوە، هەمووی بەسەر خۆم هاتووە. شێعرەکانی مامۆستا «پەشێو» هاواری برین و زامەکانی منە و خۆم لەو شێعرانەدا دەبینمەوە.

وێنەیەکم لە دیداری بەڕێزتان لەگەڵ مامۆستا «عەبدوڵڵا پەشێو» دیوە، باسی ئەو دیدارەمان بۆ بکن

ساڵی ۱۳۸۶ی کۆچی هەتاوی، هاوڕێ لەگەڵ گرووپی کارۆ-ی بۆکان بۆ بەشداربوون لە فێستیڤاڵی گۆرانی کوردی بانگهێشت کرابووین بۆ هەولێر. مامۆستا «پەشێو»ـیش لەو کاتەدا بۆ سەردان هاتبووە کوردستان. وا دیار بوو پێشتر گوێبیستی گۆرانیەکانی من ببوو و خەبەریشی بوو کە من لە هەولێرم؛ چەند کەسێک هاتن کوتیان مامۆستا «پەشێو» پێیخۆشە بتبینه، منیش کوتم ئاواتی لەمێژینەم ئەوەیە. چوومە خزمەتیان، چەند ساعەتێک پێکەوە بووین و زۆر دەردە دڵمان کرد.

هەستی سەبارەت بەو بەرهەمانەی ئێوە چی بوو کە له شێعرەکانی بەڕێزیان کەڵکتان وەرگرتووە؟

زۆری پێ باش بوو. لە یەکێک لەو شێعرانەدا وشەیەکم کە هەندێک بۆ کۆمەڵگای ئێمە قورس بوو گۆڕیبوو. لەوێ پێمکوت مامۆستا من بە بێ ئیجازەی ئێوە ئەم کارەم کردووە، فەرمووی ئەگەر زەمان بگەڕایەتەوە منیش هەر دەمکرد بەم وشەیەی کە تۆ کردووتە.

ئایا لەم چەند ساڵ چالاکییەدا توانیوتانە لەسەر شێوازێکی تایبەت کار بکەن و سەقامگیر بن؟

هەموو کات حەولم داوە لاسایی کەس نەکەمەوە و بۆخۆم خاوەن شێواز و سەبکێکی تایبەت بە خۆم بم. بەڵام چون دونیا بەرەو گۆڕان و نوێ بوونەوە دەڕوا، ناچارم خۆم لەگەڵ زەمان یەک بخەم؛بەهیوام هەندێک گۆڕانکاری بەسەر شێواز و سەبکی کارەکانمدا بهێنم تا بتوانم دڵی هەموو لایەک ڕابگرم.

ئەو تەعەسسوبەی کە مامۆستایانی مۆسیقای کوردی بوویان لە گۆرانیبێژانی ئێستایدا دەبینی؟

ئەسڵەن نایبینم و بەداخەوە زۆریش زەرەریان لە مۆسیقای کوردی داوە. زۆر جار لە میدیا کوردییەکان بینەری هەندێک بەرهەم دەبم کە من بۆخۆم لە شەرمدا عارەق دەکەم.

خەتا لە کێیە و هۆکار چییه؟

لێرەدا میدیاکان زیادترین خەتایان هەیە. ئەوان هەر بەرهەمێکیان بۆ بچێ کە خاتوونێکی تێدابێ، وەری دەگرن و ناوەرۆکی شێعرەکەیان بۆ گرنگ نییە. ئەوە خەسارێکە کە هونەری مۆسیقای کوردی بە لاڕێدا دەکێشێ و دەبێتە هۆی ئەوەی کە سەلیقە و ویستی خەڵک بەرەو بەرهەمە زەعیفەکان هان بدرێ. بەم کارە خەنجەر لە دڵی مۆسیقای کوردی دەدەن!

حوزووری خاتوونە مۆدێلەکان لە کلیپی گۆرانیدا چ کاریگەرییەکی لەسەر مۆسیقای ئەمڕۆ هەیە؟

لاوەکان بە جنسی موخالیفی خۆیان هەستیارن و لەوانەیە زۆر جار ئەو کەسەی که بینەری کلیپێکی گۆرانییە، هەر بیری لەلای گۆرانی و گۆرانیبێژەکە نەبێ و زەینی بە تەواوی لای ئەم خاتوونە مۆدێلە بێت. ئەمە لەوانەیە بنەما و ڕوکنە سەرەکییەکانی مۆسیقا بگۆڕێت.

داهاتووی مۆسیقای کوردی لە کوردستانی ئێران چۆن دەبینن؟

لە ئەمڕودا زۆر جار دەبینین گۆرانیبێژێک لە ماوەیەکی کەمدا خۆی و گۆرانییەکەی لەپڕدا وەک کارگ هەڵدەتۆقێن و خەڵک پێشوازی و حیمایەتیان لێدەکا؛ بەڵام پاش سە- چوار ساڵ وەک حوباب دەتۆقێن و تەواو دەبێت. بۆیە پێموایە ئەم شێوازەی گۆرانی ئێستاش کە زیاتر لە تورکیەوە بە شێوەیەکی زۆر خراپ دەکرێتە کوردی، زۆر هەرمان نییە و خەڵک لە ئەنجامدا بۆ لای مۆسیقای ڕەسەن دەگەڕێنەوە.

ڕاتان سەبارەت بە کلاسە ئاوازەکانی لای خۆمان چییه؟

زۆر چالاکن، بەڵام من دوو گلەییم لە مودەڕیسەکان و شاگردەکانیان هەیە. یەکەم ئەوەی لە دۆخێکدا کە کورد لە هەموو دەزگاکانی مۆسیقادا گۆرانی هەیە، ئەوان زیاتر بە گۆرانیی فارسی کلاسەکانیان بەڕێوە دەبەن. دووهەم، تاقمێک لەو کەسانەی کە دەچنە کلاسی ئاواز، زۆر پتر لە ڕادە خۆیان بە زانا دەزانن و تەنانەت ئیراد لە مامۆستا حەسەن زیرەکیش دەگرن! مامۆستایانی گەورە بەم شێوەیە نەبوون و ئەمە خەسارێکی گەورەیە.

لە ناو هونەرمەندانی گۆرانیبێژی ئێستا، سەبک و دەنگی کێتان زیاتر به دڵە؟

مامۆستایان «عەزیز شارۆخ» ، «حەسەن دەرزی»، «خەبات مەولوودی» و «سەلاح خزری».

گۆرانی و هونەر چی به «حەسەن زیافەتی» دا و چی لێستاند؟

خۆشەویستی خەڵکی پێدام. بەڕاستی دڵخۆشم بەوەی کە خەڵک لە هەموو شوێنێک ڕێزم لێدەگرن. بەڵام هەندێک مەحدوودییەتیشی پێداوم کە شایەد نەتوانم زۆر کار که خەڵکی دیکە دەیکا، منیش بیکەم.

تاڵترین کارەسات که له دونیای هونەریدا بەسەرتان هاتووە چییە؟

من چەند ساڵ لەوەپێش لە ستادی بانگەشەی یەکێک لە نوێنەرانی پێشووی بۆکان لە پاڕلەمان، گۆرانیم کوت؛ پاشان هەر چەند من تەنیا لەوێ گۆرانیم بۆ خەڵکەکەم کوت و کەسێکی سیاسی نیم، بەڵام خەڵک زۆریان گلەیی لێ کردم و حەقیشیان بوو؛ ئەمە تاڵترین کارەسات بوو بۆ من.

لە کۆتاییدا ئەگەر وتەیەک هەیە بیفەرموون

تەنیا گلەییم هەیە لەو کەسانەی کە منیان کرد بە پلیکان بۆ سەرکەوتنی خۆیان و هیچ یەک لە بەڵێنەکانیان بەجێ نەهێنا. ئەو کەسانەی کە هەموو شتێکی خۆیان لە پێناو گەیشتن بە ئامانجەکەیان دەفروشن!

وتووێژ و ئامادە کردن: فاتح ئوستاد عەبدوڵڵاپوور

کۆتایی پەیام/