ئەمڕۆ ٣٠ی جۆزەردان، هاوکاته لەگەڵ ساڵڕۆژی کۆچی‌دوایی مامۆستای مەزنی شێعر و ئەدەبی کوردی، حاجی تۆفیق بەگ ناسراو به پیرەمێرد.

بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی سەدای بۆکان، پیره‌مێردی نه‌مر لە منداڵییەوە، شەیدایەکی سەیری بۆ دەستنووس و غەزەل و ڕەوانبێژیی هەبوو. سەردەمی لاویی، پێش سەرهەڵگرتنی لە سلێمانییەوە بۆ ئەستەمبوڵ، زۆرێک لە شیعرەکانی مەلاخدری نالی و ئەحمەدی خانی و مەلای جەزیری و بەشێک لە شاعیری سەردەمەکەی خۆی لەبەرکردبوو.

جارێک بە نێو زێدی مەلاخدر لە دەشتی شارەزوورەوە دەچێتە ناوچەی هەورامان، لەوێ بە ڕێکەوت دەکەوێت بەسەر خەزێنەیەکی شاراوەی بەیت و شیعری غەزەلیاتی هەورامی، بە تایبەتیش ئەو خۆی زۆر شەیدای شیعرەکانی سەید عەبدولڕەحیمی سەید سەعیدی تاوەگۆزیی دەبێت، ئەوەی لەناو خوێنەراندا بە (مەولەوی) ناسراوە. دواتر لەپەنای مەولەویی تاوگۆزیی، کەوتە خوێندنەوەو لەبەرکردنی شیعری مستەفای مەلا قوتبەدین مەلا شەمسەدینی بێسارانی.

پاش چەندین ساڵ ئەم عیشقە، وایکرد بەشێکی زۆری شیعرەکانی ئەم دوو شاعیرە (مەولەوی و بێسارانی) لە شێوەزاری هەورامی بۆ سەر زمانی سۆرانی وەربگێڕێت. لەو ڕۆژگارەدا دەوترا، گەر ئەم نووسەرە کوردە نەبوایە، ڕەنگە زۆر بە کەمی خوێنەری کورد، مەولەویی و بێسارانیی بناسیایە!

سێ کوچکەی شیعری نالیی، مەولەوی و بێسارانی ئەم گەنجە خوێندەوارەی خستە ڕێڕەوێکی دیکەی ژیان. جارێک، لە یەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی ژیان، نووسیی:(تا مەولەویم نەناسیبوو، وامزانی نالیی گەورەترین شاعیری کوردە!) بەدەر لە شیعری ئەم سێ شاعیرە، شەیدایەکی سەیر و ئەفسوناویی بۆ ماناکردن و کۆکردنەوەی دەستنووسی شیعری شاعیرانی دێرینی کورد هەبوو. لەو ڕۆژگارەدا، لە ناوچەی دەشتی شارەزوور، کەشکۆڵی ڕەنگینی شیعریی وەلی دێوانەی نووسیووەو پاش دەیان ساڵ سەرهەڵگرتن و دواتر گەڕانەوەی بۆ نیشتمان، شیعری ئەو شاعیرانەی وەرگێڕا بۆ سەر زمانی سۆرانی و مانای وشە و ڕەوانبێژییەکەیانی بۆ خوێنەران شیکردەوە. ئەمە جگە لە وەرگێڕانی شیعری مەولانا خالیدی نەقشبەندیی و حافز و سەعدی شیرازیی و چەند شاعیرێکی تری بەناوبانگی ئەو ڕۆژگارە.

لەکتێبی پیرەمێرد لەدەستنووسی چل چیرۆکدا

کۆتایی پەیام/م

  • نویسنده : اقبال مرادی